بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
سپاس و ستایش بۆ زاتی پاکی پەروەردگاری خاوەنی سۆز و بەزەیی، دروود و ڕەحمەتی خودای دڵۆڤان وەک ڕێژنە بارانی بەهار بڕژێت بەسەر پێغەمبەری نازدار و خۆشەویستمان و هەموو بنەماڵەی بەڕێزیان و هاوەڵانی و شوێنکەوتووانی تا ڕۆژی دوایی.
برا و خوشکی بەڕیزم:
گەر دەتەوێت هەردەم خوا لەگەڵتا بێت؟!
گەر دەتەوێت لە زەمانەتی خودابیت تا دەچیتە نێو بەهەشتی بەرین؟!
گەر دەتەوێت باشترین کەس بیت؟!
گەر دەتەوێت ئارامش و ڕەحمەتی خوا بەسەرتا بڕژێت؟!
گەر دەتەوێت فریشتەکان ببن بە هاوڕێت؟!
گەر دەتەوێت خوای گەورە لای ڕێزدارانی خۆی باست بکات؟!
وەرە با پێکەوە گوێبیستی ئەم موژدانەی خودا و پێغەمبەری نازدار و خۆشەویست بین لە چەند خاڵێکدا و با هەوڵ بدەین هەر لە ئێستاوە تا ماوین لە ژیاندا جێبەجێیان بکەین و ژیانێکی پڕ لە خۆشی و کامەرانی بەدەست بێنین و سەربەرزیی دواڕۆژیش بۆ خۆمان مسۆگەر بکەین بە یارمەتی خودای دڵۆڤان.
خاڵی یەکەم: گەر دەتەوێت هەردەم خوا لەگەڵتا بێت؛ ئەوا تێکۆشەرێکی دڵسۆز و چاکەکار بە:
خودای گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: «وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ» ﴿عهنكهبووت:٦٩﴾
واتە: «ئهوانهی له پێناوی ئێمهدا و بۆ بهدهستهێنانی ڕهزامهندی ئێمه؛ ههوڵ و کۆششیان کردووه و خۆیان ماندوو کردووه، سوێند بهخوا بهڕاستی ئهوانه ڕێنموویی دهکهین بۆ ههموو ڕێگهیهکی چاک و دروستی خۆمان (که بهدهستهێنانی ڕهزامهندی ئێمهی لهدوایه)، بێگومان خوای پهروهردگار ههمیشه لهگهڵ چاکهکارانه.»
خاڵی دووھەم: گەر دەتەوێت لە زەمانەتی خودابیت تا دەچیتە نێو بەهەشتی بەرین؛ ئەوا بەردەوام هاتوچۆی مزگەوت بکە:
ئەبوو ئومامەی باهیلی هاوەڵی بەرێز دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری نازدار(د.خ) فەرمووی: «ثَلاَثَةٌ كُلُّهُمْ ضَامِنٌ عَلَى اللَّهِ عَزَّ وَجَلَّ... وَرَجُلٌ رَاحَ إِلَى الْمَسْجِدِ فَهُوَ ضَامِنٌ عَلَى اللَّهِ حَتَّى يَتَوَفَّاهُ فَيُدْخِلَهُ الْجَنَّةَ أَوْ يَرُدَّهُ بِمَا نَالَ مِنْ أَجْرٍ وَغَنِيمَةٍ ...» [ئهبوو داود و دوخاری گێڕاویانهتهوه]
واتە: «سێ کەس لە زەمانەتی خودایەن تا ئەوکاتەی دیانباتە نێو بەهەشت؛... و کەسێکی موسوڵمانی کە دەچێت بۆ مزگەوت (بەردەوام هاتوچۆی مزگەوت دەکات) ئەوە لە زەمانەتی خودایە تا ئەوکاتەی دیمرێنێت و دەیخاتە بەهەشت، یان بە دەیگێڕێتەوە بۆ ماڵەوە بەو پاداش و دەستکەوتەی وا بەدەستی هێناوە...»
خاڵی سێهەم: گەر دەتەوێت باشترین کەس بیت؛ ئەوا فێری قوڕئان ببە و قوڕئان فێری خەڵکی بکە؛
هاوەڵی بەرێز عوسمانی کوڕی عەففان بۆمان دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەری نازدار(د.خ) فەرمووی: «خَيرُكُم من تعلَّمَ القرآنَ وعلَّمَهُ». [بوخاری گێڕاویهتهوه]
واتە:«باشترین کەسی ئێوە ئەی باوڕداران ئەو کەسانەن کە فێری قوڕئانخوێندن دەبن و کەسانی تریش فێر دەکەن»
خاڵی چوارەم: گەر دەتەوێت ئارامش و ڕەحمەتی خوا بەسەرتا برژێت، گەر دەتەوێت فریشتەکان ببن بە هاوڕێت، گەر دەتەوێت خوای گەورە لای نزیکان و ڕێزدارانی خۆی باست بکات؛ ئەوا لە ماڵەکانی خوا لە دەوری قوڕئان کۆ ببنەوە و بیخوێننەوە فێری ببن:
هاوەڵی بەرێز ئەبوو هۆرەیرە دەگەڕێتەوە بۆمان کە پێغەمبەری نازدار(د.خ) فەرمووی: «ما اجتمَعَ قومٌ في بيتٍ من بيوتِ اللَّهِ يتلونَ كتابَ اللَّهِ، ويتدارسونَهُ فيما بينَهم إلَّا نزلَت عليهِم السَّكينةُ، وغشِيَتهُمُ الرَّحمةُ، وحفَّتهُمُ الملائكَةُ، وذكرَهُمُ اللَّهُ فيمَن عندَهُ» [موسلیم گێڕاویهتهوه]
واتە: «هیچ کۆمەڵێک لە خەڵکی لە ماڵێک لە ماڵەکانی خوا کۆنابنەوە بۆ خوێندن و فێربوون و وتنەوەی لە نێوان خۆیاندا، مەگەر ئەوەی کە ئارامی بەسەریاندا دادەبەزێت و ڕهحمەتی خوا دایاندەپۆشێت و فریشتەکان دەوریان دەگرن (لەگەڵیان دادەنیشن) و خوای گەورە لە لای فریشتە بەرێز و نزیکەکانی باسیان دەکات.»
کەوابوو؛ با جارێکی تر هەموومان لەگەڵ خودای دڵۆڤان پەیمان تازە بکەینەوە و بەڵێن نوێ بکەینەوە کە هەمیشە و بەردەوام ماڵەکانی خوا بە ئامادەبوونمان لە نوێژەکانی جەماعەت و جومعە و زیندووکردنەوەی کلاسەکانی قوڕئانخوێندن و بردنی منداڵەکانمان بۆ ئەو کۆڕە پیرۆزانە ڕێز و شکۆی خۆمان و بنەماڵەکانمان بەرزتر و زۆرتر بکەین، چوونکە بەڕاستی بەردەوامبوون لەم ڕێگەدا بەختەوەری دین و ژینمانی تێدایە و کەمتەرخەمیش پەشیمانی و خەسارتی گەورەی لەگەڵدایە.
ماوەتەوە لە کۆتاییدا بڵێم:
یاڕەببی خوای گەورەی دڵۆڤان خاونی هەموو ناوەجوانەکان و سیفەتە بەرزەکان بۆ خاتری مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و بەهاری قوڕئان، قوڕئان بکەیتە بەهاری دڵەکانمان و ڕووناکی ڕێمان و ڕهفیقی نێو قەبرمان و تکاکاری ڕۆژی حەشەرمان و هۆی چوونە نێو بەهەشتی هەرمان. ئامین
بۆچوونهکان